حكومه‌تی هه‌رێم به‌تووندی وه‌ڵامی رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌داته‌وه‌

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گیه‌نێت، ” تا ئێستا زیاتر لە (٢٠٠٠) کەس لە رێگای سەنتەرەوە دەستگیر کراون لەوانە (١٥٠٠) بە بەڵگەوەی تەواوە دەرچووە کە ئەندامی داعش بوون ھەیانە دوو ساڵ لە ریزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەناسی بەدەستی داعش بوون و بەشداری خولی مەشق و راھێنانی سەربازی و ھزری داعشیشیان کردووە”.

راگه‌یانراوه‌كه‌ی حكومه‌ت كه‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ راپۆرتیكی رێكخراوی ھیومان رایتس وۆچ هاتووه‌، “ھیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە ھیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، ھەروەھا دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان ھەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان”.

 

دەقی وەڵامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

رۆژی ٢٩/١/٢٠١٧ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بەناوی ) ھەرێمی کوردستانی عیراق( چەند منداڵێک ئیدیعای ئەشکەنجەدانیان دەکەن لەسەر دەستی ھێزە ئەمنییەکان) و تێیدا باسی ئەوە دەکات کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەک منداڵ ئەنجامداوە کە تەمەنیان لەنێوان ١١ و ١٧ ساڵدایە و لە کۆی ١٨٣ منداڵ کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجەدراون و بەشێکیان پارێزەریشیان نەبووە، ھەروەھا رێگرییان لێدەکرێت پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.

لەکاتی ھاتنی ئاوارە و راگوێزراوەکان لە سەنتەرەکانی پێشوازی کردن لە ئاوارەکان دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵێنەوە لە ناوەکانیان دەکەن و زانیاریان لەسەر وەردەگرن، ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە یان داواکراون، رەوانەی ئاسایش و دادگا دەکرێن بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان و تا ئێستا زیاتر لە (٢٠٠٠) کەس لە رێگای سەنتەرەوە دەستگیر کراون لەوانە (١٥٠٠) بە بەڵگەوەی تەواوە دەرچووە کە ئەندامی داعش بوون ھەیانە دوو ساڵ لە ریزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەناسی بەدەستی داعش بوون و بەشداری خولی مەشق و راھێنانی سەربازی و ھزری داعشیشیان کردووە ئەمەش بەپێی ئەو زانیاریانە بووە کە بە ئیعتیراف و شاھیدی خودی راگوێزراوەکان بووە دوای ئەوەی دڵنیا دەبین لە وتەکانیان، ھەروەھا پێش رزگار کردنی ئەم ناوچانە ئێمە زانیاری ھەواڵگری لەسەر ژمارەیەک لەو کەسانە ھەبووە.

ھیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە ھیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، ھەروەھا دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان ھەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ڕیگری لە ھیچ کەسێک ناکرێت و ھەموو کەسێک کە دەستگیر دەکرێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی (قانون اێول محاکمات الجزائیە) ژمارە ٢٣ ساڵی ١٩٧١ ی ھەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و رێکارەکان بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی داواکراو و گومان لێکراو و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بنەرەتی، دوای گەیشتن بە راستی داوایەکە، تۆمەتبارەکە وەک مافێکی خۆی بۆی ھەیە پارێزەرێک ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و ئاگاداری کەسوکاری دەکرێتەوە کە ناوبراو گیراوە ، دواتر کەیسەکە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی بەپێی یاسا.

لە کاتی دەستگیرکردنی ھەر گومانلێکراوێک ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواوکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکە بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەکانی ھەرێم بکەن ئەوا لە ھەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێکھاتەکانن، بەڵام پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە کارە ھەرە لە پێشینەکانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، ھەموو ئەوانەی دەستگیر دەکرێن لەسەر بنەمای زانیاری و بەڵگەیە و ھیچ کەسێک بەبی بەڵگە و زانیاری دروست دەستگیر نەکراوە.

بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە ھیچ شێوەیەک رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی (٣٣٣) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو و ھەر تۆمەتبارێک لەکاتی لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافی ھەیە سکاڵا تۆمار بکات دژی ئەو کەسەی ئەشکەنجەی داوە ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی (١٩ / سێیەم)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بەڵام ھەندێک جار گومانلێکراو یاخود تاوانبار کاتێک رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە ھان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاکانی پۆلیس وا نیشان بدات کە ئەشکەنجەیان داوە.

ھەر کەسێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان، بەڵام زۆر جار بە ھۆی زۆری ژمارەی راگوێزراوان ئەوا رێکارە یاساییەکان کاتێکی زۆر دەخایەنێت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان، ھەروەھا جگە لە زۆری ژمارەی راگوێزراوان کەمی ژمارەی کارمەندی پێویست ھۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی راگوێزراوان کاتێکی زیاتر لە شوێنی دەستگیر کردنی بمینێنەوە، ئەمەش بەھۆی قەیرانی ئابووری ھەرێمی کوردستانەوە.

سەبارەت بەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و روویان لە ھەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە ھەماھەنگی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن کە پرۆسەی دەستگیرکردنیان لە خۆدەگرێت، ھەروەھا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم بەپێی رێوشوێنی تایبەت رێگا بە رێکخراوەکان داوە کە سەردانی بنکەکانی دەستگیر کردن و بەندیخانەکان بکەن و لە نزیکەوە چاویان بە راگیراوان و سزادراوان بکەوێت.

سەبارەت بە چەکدارکردنی منداڵان و پەیوەندیکردنیان بە ریزەکانی تیرۆریستانەوە حکومەتی ھەرێم ھەوڵ دەدات بۆ دووبارە شیاندنەوە و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا لە رێگای بنکە تایبەتەکان و پڕۆگرامی تایبەتەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوە خێرخوازیەکان و دام و دەزگا تایبەتەکان بە پاراستنی منداڵ، ھەروەھا ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان دەستگیرکراوە یان گومان لێکراون بە پەیوەندیکردنیان بە تیرۆریستانەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی و لە روانگەیەکی مرۆییەوە لایەنە پەیوەندارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وەک گشت منداڵی ڕاگوێزراوەکان بە رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتیان.

دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر کردنی کەیسی ئەو منداڵانە و ئەو کەیسانەی یەکلاکراونەتەوە چ بە ئازادکردن یا سزای زیندانیکردنیان وەرگرتبێت بەپێی ماددەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی ٢٠١٦ چواردە کەسن، ئەو سزایانەش لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و ھەشت کەسیش ئازادکراون ، ١٠ کەیسیش کە یەکلانەکراونەتەوە بەپێی ماددەی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر لە ساڵی ٢٠١٦.

ھەر منداڵیک بە ھەر ھۆکارێک بەبێ دایک و باوک بێتە ھەرێمی کوردستان وەکو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لەلایەن بەڕێوەبەرانی کەمپەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ھەوڵدراوە ئەو منداڵانە سوودمەند بکرێن لە سیستەمەکانی فێرکردنی خوێندن و پاراستنی کۆمەڵایەتی و فێرکردنی کاری دەستی. لە کاتی ھاتنی ئاوارەی تازە بەھەمان شێوە پێشوازی و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. مامەڵەی بەتایبەتی منداڵی بێ سەرپەرشتیار دەکرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ھاتنی نزیکەی دو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ساڵانی رابردوو بارگرانییەکی زۆری لەسەر گشت سێکتەرەکانی حکومەتی ھەرێم درووست کرد، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ پێشوازی کردن و دابینکردنی خۆراک و شوێنی نیشتەجێ کردنی پێویست بۆیان بە ھاوکاری لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لە ھەمان کاتدا دەزگا ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی کەمپەکان و شار و شارۆچکەکانی کوردستان گرتۆتە ئەستۆ، لە ھەمان کاتدا لە ھەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەگەڵ دەستگیرکراوان و ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون.

لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان

٢٩/١/٢٠١٧

Back to top button