بزانە قوباد تاڵەبانی بۆچی غەدری لە سەڵاح كوێخا كرد

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆچی دوایی سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان دەلێت”غەدرم لە سەڵاح كوێخا كرد و پەشیمانم، داوای لێبوردن لە ھاوسەرەكەی دەكەم”.

هەر لە پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتدا هاتووە”لە ژیانمدا لە کەم شت پەشیمانم. بەڵام هەست دەکەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە کرد. دوو ساڵ بوو داوای دەکرد خانەنشینی بکەم و هەڤاڵێکی تر لە شوێنەکەی دەستبەکار بێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە کە لەبەر هەستیاری دۆخەكە و ئەو هاوسەنگیەی رایگرتبوو و هەروەها لەبەر ئەو رێزەی کە لە گەرمیان هەیبوو بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەرمیان. ساڵی رابردوو بەڵێنم پێدا کە یەکساڵی دیکە بەردەوام بێت خانەنشینی دەکەم. ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین کرا”.

قوباد تاڵەبانی باسی پەشیمانی لە پەیامەكەی دەكات و دەلێت” ئێستا پەشیمانم و هەست ئەکەم غەدرم لە خۆی و مامۆستا هیامی هاوسەری کرد کە بە پێداگرییەکانم نەمهێشت لانیکەم دوو ساڵ بە ئارامی و دوور لە فشاری بەرپرسیارێتی پێکەوە بژین. زۆر دڵگرانم کە نەیتوانی یەک رۆژ چێژ لە ژیانی خانەنشینی ببینێت، چونکە هەرکە خانەنشین بوو تووشی پەتای کۆرۆنا بوو. لێرەدا هیچم نییە بیڵێم جگە لەوەی زۆر داوای لێبوردن بکەم لە مامۆستا هیام. هەروەها دەشلێت”کاک سەڵاح، تا دواساتەکانی ژیانی بە پاکێتی و بەهەمان ئەو بیر و باوەڕەوە ژیا کە لە گەنجێتیدا لەپێناویدا بووە پێشـمەرگە و هەرگیز ڕیگەی نەدا ناو و ناوبانگی لەکەدار بێت. وەکچۆن لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیدا مەرد و جوامێر بوو، لە قۆناغی پاش پێشمەرگایەتیشدا هەر مەرد و جوامێر مایەوە. نەیهێشت پلە و پۆست ناوی بزڕێنێت. ئەو دەسەڵاتە زۆرەی وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەیبوو، بەکاری نەهێنا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی یان بۆ پڕکردنی گیرفانی”.

شایانی باسە سەڵاح كوێخا دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمرۆ بەهۆی ئەو ڤایرۆسە كۆچی دوای كرد.

Back to top button