سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتالیا كرد
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا كرد و گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی ئیتالیا و هەرێمی كوردستان كرد.
ئەمڕۆ سێشەممه 29ـی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان پێشوازی لە لۆرێنزۆ گویرینی وەزیری بەرگری ئیتالیا كرد.
لە دیدارەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی ئیتالیا و هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆی لەسەر كرا.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە دا، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، گوتیشی: “هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا درێژە بە ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە بدەینەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کاتی وەستابوون.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوکارییەکانی ئیتاڵیای کرد و گوتی: بوونی هێزەکانی ئیتاڵیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە پێویست و گرنگ دەزانین، مهسرور بارزانى جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپێناو سەقامگیرکردنی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور.