كاتی چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان ئاشكرا كرا
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، کاتێكی بۆ چوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان دەستنیشانکردووە و چاوەڕێی دوایین وەڵامی مەسرور بارزانییە لەوبارەوە.
بەگوێرهی زانیارییەکانی دهزگایی میدیایی (خواكوڕك)، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە لەبارەی دانیشتنێکی تایبەت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، پەرلەمان بە ئەنجوومەنی وەزیرانی راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 5-10-2020 سەرۆکوەزیران دەتوانێ بچێتە پەرلەمان و لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە نیازە پێش هاتنی سەرۆکوەزیران بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە، بۆ دیاریکردنی میکانیزمێك بۆ پرسیاری پەرلەمانتاران لە سەرۆکوەزیران و دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەستیان:
– هەر سەرۆك فراکسیۆنێك پێنج خولەك قسە بکات
– لە هەر فراکسیۆنێك چەند پەرلەمانتارێك دوو خولەك قسە بکەن و پرسیار لە شاندەکەی حکومەت بکەن
دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کراوە دەبێت و راستەوخۆ دەگوازرێتەوە.
ڕۆژی شەممه، نووسینگەی راگەیاندنی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەسەر داوای مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت ڕێكبخات كە تێیدا سەرۆكی حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، گوتارێك پێشكەش دەكات.