سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی سەڵاح کوێخا دەردەبرێت

 

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان برووسکەیەکی هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەی خواڵێخۆشبوو سەڵاح کوێخا دەکات و لە خوای مەزن داوا کارە رۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات

دەقی هاوخەمی سەرۆکی هەرێم

 

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی قووڵم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێیانى كۆچكردوو سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان ده‌كه‌م كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ كۆچى دوایى كرد. هاوسۆز و هاوخه‌میانم، له‌ خواى مه‌زن داواكارین خوالێخۆشبوو بخاته‌ به‌ر به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى و ئارامى و دڵنه‌وایى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت.

 

كاك سەڵاح کوێخا نموونه‌یە‌كی جوانی بە‌رپرسیاریە‌تی پێشكە‌ش كرد و كادیرێكى ماندوونه‌ناس، دڵسۆز و كارامه‌ى لێهاتوو بوو، ساڵانێكى دوور و درێژى ته‌مه‌نى به‌ خزمه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تى و تێكۆشان له‌پێناو گه‌ل و وڵاته‌كه‌یدا به‌خشى، ئه‌و ساڵانه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان بوو، له‌ نزیكه‌وه‌ كارمان پێكه‌وه‌ كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ ویستوویه‌تى ئه‌وپه‌ڕى خزمه‌ت به‌ گه‌رمیان و گە‌رمیانییە‌كان بكات، كار و ئه‌ركه‌كانى به‌ خه‌مخۆرى به‌ڕێ ده‌كرد و زۆر مه‌به‌ستى بوو زۆرترین ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزارى بگاته‌ خه‌ڵكى قوربانیده‌رى گه‌رمیان و كه‌سوكارى سە‌ربە‌رزی ئه‌نفالكران.

 

گیانى شاد و یادى به‌ خێر.

 

نێچیرڤان بارزانى

Back to top button