یەکەم دیبەیتی نێوان ترامپ و جۆو بایدن ئەمشەو بەڕێوەدەچێت

یەکەم دیبەیتی نێوان ترامپ کاندیدی کۆماریـیەکان و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020 لە کاتژمێر 9 ی شەوی سێشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت.

کۆمسیۆنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی پـێشتر ڕایگەیاند، دیبەیتەکە لە هۆڵی زانکۆی کەیس وێسترن ڕێزێرڤ لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو بەردەوام دەبێت.

بەپـێی بەرنامەکەی دانراوە، 6 بابەت تەوەری دیبەیتەکە دەبن و هەر یەکەیان 15 خولەکی بۆ تەرخان دەکرێت. بابەتەکانیش بریتین لە کار و ڕابردووی هەردوو کاندید، پەتای کۆرۆنا، دادگای باڵا، ئابوری، پـرسی ڕەگەز و توندوتیژی ناو هەندێک شاری وڵاتەکە، بێگەردی هەڵبژاردنەکان.

ڕۆژنامەوان کرێس واڵس، تەمەن 72 ساڵ، بێژەری کەناڵی فۆکس نیوز FOX News دیبەیتەکە بەڕێوەدەبات و کاتێکی دیاریکراو بە هەردوو کاندیدەکە دەدات تاوەکو وەڵامی پـرسیارەکانی بدەنەوە، ئەگەربێت و هەر کاندیدێک درێژە بە وەڵامدانەوەکەی بدات قسەکانی پێ دەبڕێت.
بڕیارە لە 15 ی مانگی دە دیبەیتی دووەمی نێوانیان ئەنجام بدرێت. کۆمسیۆنەکە دەڵێت لە سەنتەری ئەیدریەن ئارشت لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت و ڕۆژنامەوان ستیڤ سکاڵی، تەمەن 60 ساڵ، بێژەری کەناڵی سی سپان C-SPAN بەڕێوەی دەبات.
دیبەیتی سێـیەم و کۆتایی لە 22 ی مانگی دە بەڕێوەدەچێت لە زانکۆی بێڵمۆنت لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسی و ڕۆژنامەوان کرستین وەڵکار، تەمەن 44 ساڵ، پەیامنێری کەناڵی NBC News لە کۆشکی سپی بەڕێوەی دەبات.

هەروەها یەک دیبەیت لە نێوان مایک پـێنس جێگری سەرۆک ترامپ و سیناتۆر کامڵا هێرس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پـۆستی جێگری سەرۆک ئەنجام دەدرێت. بڕیارە لە 7 ی مانگی دە لە زانکۆی یوتا لە شاری سەڵت لەیکی ویلایەتی یوتا بەڕێوەبچێت لەلایەن ڕۆژنامەوان سوزن پەیج، تەمەن 69 ساڵ، بەرپـرسی ئۆفیسی واشنتنی ڕۆژنامەی USA Today.

تەوەری دیبەیتەکان هەفتەیەک بەر لە ئەنجامدانیان ڕادەگەیەنرێن.

Back to top button