فرسەت سۆفی: بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی ھەنگاوی باش نراوە
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ژێر چاودێری سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا, وا بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی دیكەی لێژنەكە بەڕێوە بچێت, ئەندامێكی لێژنەی رووبەروو بوونەوەی گەندەڵیش دەلێت:” بۆ ئامادەكردنی وەرەقەیەك كۆدەبینەوە تا ببێتە كارنامەی كارەكانیان”
(فرسەت سۆفی) ئەندامی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێ، كۆبوونەوەی لیژنەكەیان بەردەوامە و بڕیارە سبەی جارێكی دیكە كۆ ببینەوە بۆئەوەی وەرەقەیەكی ھاوبەش ئامادە بكەن و ببێتە كارنامەی كارەكانیان, گوتیشی، ھەموو كارەكان لەژێر چاودێریی (سەرۆك بارزانی) بەرێوە دەچن.
(د.فرسەت سۆفی) ئەندامی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە:” لێژنەیەكی بچووك ھەیە كە بە بەردەوامی كۆبوونەوە دەكات و جێگری سەرۆكی حكوومەت سەرپەرشتی دەكات، وایش بڕیارە سبەی جارێكی دیكە كۆ ببنەوە، ئەمەش بۆ یەكخستنی ھەموو ئەو وەرەقانەی ئامادە كراون تاكوو ببێتە وەرەقەیەكی ھاوبەش و دواتر بیبەنە كۆبوونەوەی فراوان و ببێتە كارنامەی كارەكانیان و گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.”
د. فرسەت سۆفی گوتیشی، ھەنگاوی باش نراوە و حكوومەتیش ھاتووەتە سەر خەت و ھەموو دامودەزگاكانیش ھاوكارن, واش بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی دابێ، راپۆرتی خۆیان لەبارەی ئەنجامی كارەكانیان بڵاو بكەنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرەڕووبوونەوەی گەندەڵی جەختی كردەوە لەوەی، ھەركارێك كرابێت لەبارەی بەرەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بە ھەوڵی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بووە، بۆیە لەئێستایشدا ھەموو كارەكان لەژێر چاودێریی (سەرۆك بارزانی) بەرێوە دەچن.