نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەك ئارامیی هەرێمی كوردستان و عێراق بپارێزن

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی ڕای دەگەیەنێت، دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممه‌، لەپەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، شەوی ڕابردوو گرووپێكی تێكدەر شەش مووشەكی لە ناوچەی بەرتڵەی پارێزگای مووسڵەوە، ئاراستەی بنكەی هاوپەیمانان لە هەولێر کرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێكیان نەبوو.

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێكدەرەكان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە كاتێكدا ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین، لە هەمان كاتدا لەو باوەڕەداین كە دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێكدەرەكان.

باسی لەوەش كردووە، دەبێت قوربانییەكانی پێشمەرگە و هەموو هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان هاندەرمان بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەموو عێراق و هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانی جیهان لە عێراق، هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵی هێنانەكایەی سەقامگیری بدەین لەو دۆخە خراپە ئابوورییەی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەسەر خەڵكی وڵاتەكەمان و جیهاندا هاتووە.

لە كۆتایی پەیامەكە ڕوون كراوەتەوە، ئەوانەی هێرشی تێكدەرانە ئەنجام دەدەن دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەكان بە یەكدەستی بەرەنگاریان ببنەوە و ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، ئێمەش بەمەبەستی دروستكردنی ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێز مستەفا كازمی ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین كە دڵنیاین لەپێناو ئارامی و سەقامگیردا هەموو هەوڵێك دەدات.

Back to top button