پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دەروێش سەعدۆ
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی دیار و سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا (دەروێش سەعدۆ)ـمان بیست. خواڵێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ كەسێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو كە هەر لە شەستەكانی سەددەی بیستەمدا خەباتی سیاسیی خۆی دەستپێكردەوە و ڕۆڵی لە پشتیوانیكردنی شۆڕشی ئەیلوول هەبووە و هەروەها لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و لە شۆڕشی گوڵاندا ڕۆڵەیەكی بە وەفای ڕێبازی كوردایەتی بووە و بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی شۆڕش هەتا ئەو ڕادەیەی ئامادە بووە قوربانی بە ژیانی خۆی بدات لەپێناو یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی شۆڕشی گوڵان. هەر لەبەر ئەو ڕۆڵە بەرز و دڵسۆزانەی خوالێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ لە شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستاندا هەیبووە، میدالیای بارزانیی نەمریشی پێ بەخشرا.
بە كۆچی دوایی دەروێش سەعدۆ ئێمە دۆست و هەڤاڵ و تێكۆشەرێكی كوردمان لە دەست داوە. سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری خواڵێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا و سەرجەم تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی باكوور دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
2ـی 10ـی 2020