وەزیری تەندروستی هەواڵە خۆشەكەی ڕاگەیاند

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستە زیاتر لە 31 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاك بوونەتەوە.

ئەمڕۆ شەمممه‌ 3ی تشرینی یەكەم، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستە هەموو هەوڵێكی وەزارەتی تەندروستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەمكردنەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەكەیە.

وەزیری تەندروستی گوتی، ئەوەی جێی دڵخۆشییە تا ئێستە زیاتر لە 31 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چاك بوونەتەوە، ئەوەیش دەكاتە %63ـی كۆی تووشبووان و ژمارەیەكی زۆری تووشبووانیش لەژێر چاودێریدان.

باسی لەوەش كرد، سەرجەم ئەو بودجانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای دابین كردووە، بەشێوەی یەكسان بەسەر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەكان دابەش كراون، هەروەها ئێستە هەوڵ دەدەین ژمارەی پشكنینەكان زیاد بكەین تا ئەو حاڵەتانە زووتر دیاری بكەین كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

وەزیری تەندروستی لەكاتی سەردانی بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، دیدار محەمەدی وەك بەڕێوەبەری تەندروستی دەڤەری ڕاپەڕین دیاری كرد كە ماوەی دوو مانگە بەڕێوەبەری پێشوو دەستی لەكار كێشاوەتەوە.

سامان بەرزنجی گوتی، دەسەڵاتی تەواومان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەكان خۆیان كەلوپەلی تەندروستی بكڕن، لە ڕابردوو سێ‌ تاقیگەی تەندروستی هەبوون، ئێستە ژمارەی تاقیگەكان بوونەتە 25 تاقیگە لە هەرێمی كوردستان.

Back to top button