حکومەت 28ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئامێدی تەرخان دەکات

 

لە چوارچێوەی پلانە ستراتیژە پیشەیی و خزمەتگوزارییەکانی   کابینەی نوێی حکومەت ، 28 ملیارد دینار بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی  و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە

لەمبارەوە ئیسماعیل مستەفا قایمقامی ئامێدی لە لێدوانیكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : سنووری قەزای ئامێدی بەرفراوانە و لە رووی جیۆگرافییەوە ناوچەیەكی سنوورییە، خەڵكیش بە ھۆی ئاوەداننەكردنەوەی گوندەكانیان زیاتر لە سەنتەری ناحیەكانی قەزای ئامێدی نیشتەجێ بوونە و پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە، بۆیە ئەمساڵ حكوومەتی ھەرێم 112 پڕۆژە لە سنوورەكە جێبەجێ دەكات.

ئیسماعیل مستەفا،هاوکات ئاماژە نبەوە دەکات : “بۆ ھەر شەش ناحیە و سەنتەری قەزای ئامێدی، 112 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ دەكرێن و بەشێك لە پڕۆژەكان كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن و ئەوانەی ماویشن لە داهاتوودا  دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە پڕۆژەكانیش پێك ھاتوون لە ئاو، كارەبا، رێگاوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانە”.

قایمقامی ئامێدی لە کۆتاییدا ئاشکرای دەکات بە پێی پلان لە دوای تەرخان کردنی ئەو 28 ملیار دینارە و بە تەواوبوونی پڕۆژەكانیش ناوچەی ئامێدی دەچێتە قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی و سوودی بەرچاوی بۆ ھاووڵاتیانی سنوورەكە دەبێت

Back to top button