په‌رله‌مانتارێكی عێراق: ره‌نگه‌ دیناری عێراقی به‌های له‌ ده‌ست بدات

 

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند كه‌ ناتوانن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات مه‌یاده‌ نه‌جاڕ په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكڕاتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان ڕایگه‌یاند ژێرخانی ئابووری عێراق به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت و به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی عێراق ره‌نگه‌ دیناری عێراقی به‌های له‌ده‌ست بدات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی دیموكڕاتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌ت كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ و ئێستاش تۆپه‌كه‌یان خستۆته‌ گۆڕه‌پانی په‌رله‌مان.

ده‌رباره‌ی كۆنتڕۆڵكردنی خاڵه‌ سنوورییه‌كانیش مه‌یاده‌ نه‌جار ئاشكرایكرد نه‌ك ته‌نها كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌ به‌ڵكو ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییانه‌ له‌ دوای كاتژمێر 4ـی ئێواره‌وه‌‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیا چه‌كداره‌كان و ده‌ست به‌سه‌ر داهاته‌كان ده‌گرن.

گوتیشی تا ئێستا نازاندرێت داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان چه‌نده‌ تا بزانرێت چه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد تاكو ئیستا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق نازاندرێت و داتای جیاواز له‌به‌رده‌سته‌.

Back to top button