عێراق لەبەردەم دوو بژاردەدا
بە مەزەندەی دەرەوە و ناوەوە بێت، عێراق لەبارودۆخێک دایە، رەنگە لەئەنجامدا ناکۆکییە ریشەدارەکانی ناوماڵی شیعە سەرئاو بکەون، کە سەرباری جیاوازییەکان، پێشتر ئێران بۆ بەرژەوەندی تایفی لە کۆکردنەوە و بەیەکەوە کارکردنیاندا رۆڵی کارای هەبوو، بەڵام ئێستە هەوڵەکانی وەکو پێشتر کارا نییە یا گوێگری نییە. بێگومان ئەوەش هۆکاری لۆژیکی تایبەت بەخۆی هەیە.
باقر زوبەیدی” کە لە ساڵانی 2006 ـ 2008 وەزیری ناوخۆی عێراق بوو لە پەیجی خۆی لە فێیسبووک لە وتارێکیدا بەناونیشانی” کودەتای داهاتووی سەربازی لە عێراق” نووسیویەتی:( ئەو کۆڕو کۆبوونەوانەی لەلایەن هەندێ کەسایەتی حسابکراو لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا ، کە لە عێراق هەڵاتوون لەگەڵ بەعسیەکانی نیشتەجێی باکوری نیشتمان و دەوڵەتانی رۆژئاوا دەکرێن بەو بڕیارە گەیشتوون، دەستی باڵی سەربازی بەعس بۆ ئەنجامدانی کودەتا بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە باکوری دیالە و مەکحول و خانوکە و زنجیرە چیاکانی حەمرین دەستیان بە مەشق و راهێنانی چڕوپڕ کردووە.” پەیام و ترسی پشت ئەم لێدوانە دیارە، ئەگەرنا ئینقلابی سەربازی، کە بە پشتیوانی هێزی عەسکەر دەکرێ، لە ئەمڕۆی عێراقدا لەلایەن سونەوە لەخەیاڵیش واوەترە.
رەنگە هەریەک لە ئێران و تورکیا، کە یەکیان شیعە و ئەویدیان سونە مەزهەبە، بەوپێیەی لەپاڵ نێردە دیپلۆماسیەکانیان بەپاساوی رەنگ تەڵخ هێزی سەربازشیان لەناو عێراقدا هەیە، تارادەیەک پێ ئاگادار بن، کە بەم نزیکانە لە عێراق شەڕی ناوخۆی شیعە روو دەدات. بۆیە بە پاساوی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ عێراق راگرت، بەڵام چاودێران پێیانوایە راگرتنی گەشتەکان زیاتر بۆئەوەیە کاریگەری پریشکی ئەو شەڕە لەسەر خۆیان سووک بکەن، بەتایبەتی هەر یەک لەم دووانە سەرەڕای بەرژەوەندییە پێکناکۆکەکانیان لە چەند مەیدانێکدا، بەڵام وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ لەگەڵ یەکدی و سەقامگیر نەبوونی عێراق و جێبەجێ نەکردنی دەستوو تەبان. وەزارەتی تەندروستی عێراقیش لەئاگادار کردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد لە مانگەکانی دادێدا پەتاکە زیاتر تەشەنە دەستێنێ، کە ئەم پەتایە بووەتە ئەمری واقیع، بەم راگەیاندنە دەخوازێت راستییەک بە پاساوی ئەم دوو وڵاتە بدات، هاووڵاتیانی ناڕازی عێراقیش بە ترسی تەشەنە سەندنی پەتاکە سەرقاڵ بکات بۆئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بەئاگاداری لایەنە شیعیەکان چەند کەسێکی ناکارای نەناسراو دەستگیر بکات بە تاوانی ئەوەی لە پشت ئاراستەکردنی مووشەک بوون لە دژی بالیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان، کە ئەمڕۆ داواکارییەکی بەلەزی ئەمەریکا و وڵاتانە، بۆئەوەی بەرازیکردنیان هەڵوەشانەوەی ملیشیاکان بن گۆم بکات و تەمەنی عێراق درێژ بکاتەوە.
بەڵام دیار نییە یا پێناچێت لەم گەمەیدا عێراق سەرکەوتوو بێت، چونکە جگە لەوەی وڵاتان لەسەروویانەوە ئەمەریکا لە گەمە چەند بارە بووەکانی عێراق بێزار بوونە، ئەوەشیان لەکن بووەتە راستی، کە حکوومەت ناخوازێ دەست بۆ بێ چەک کردنی گرووپە چەکدارەکان درێژ بکات یا ئەوەی بیهەوێت ئەم کارە بکات لەلایەن ئەو هێزانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی لێوەردەگیرێتەوە، چونکە ئامادەبوونێکی بەهێزیان لەو ئەنجوومەنەدا هەیە. بۆیە رەنگە وڵاتانیش بە خۆ لەخەتدانیان لە تەقینەوەی کێشە و قەیرانەکانی عێراق، هێزە سیاسییەکانی شیعە بخاتە بەردەم دوو بژاردە: یا تەسریح کردنی گرووپە چەکدارەکان و دامەزراندنی وڵاتێک بۆ هەمووان بێ جیاوازی یا دامەزراندنی سێ دەوڵەت. بەتایبەتی لە دۆخی ئەمڕۆدا ئێران و تورکیای لێدەربکەیت، ئەگەرنا لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە،دوای ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل هیچ لارینەبوونێک بۆ چارەسەرکردنی کولکی-دومەڵ- عێراق لەئارادا نەماوە.
کەریم قادر