فه‌یسبوك په‌یامێكی دۆناڵد تره‌مپی له‌ باره‌ی كۆرۆنا سڕیه‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌گگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ نه‌خۆشخانه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشگی سپی، په‌یامێكی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه‌و دوای ته‌نها چه‌ند خوله‌كێك فه‌یسبووك په‌یامه‌كه‌ی تره‌مپی سڕیه‌وه‌.

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوای جێهێشتنی نه‌خۆشخانه‌ له‌ په‌یامێكدا له‌ فه‌یسبووك نوسیه‌تی، وه‌رزی ئه‌نفلۆنزا به‌ڕێوه‌یه‌ و ساڵانه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌س به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ ده‌مرن، ئه‌مه‌ش سه‌رباری بوونی ڤاكسین بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌مریكا نووسیویه‌تیش، ئایا ئه‌بێت وڵاته‌كه‌ كه‌ره‌نتین بكه‌ین؟ نا، ئێمه‌ فێربووین كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشیه‌دا بژین، وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ كۆرۆناشدا ده‌ژین و راهاتووین”.

فه‌یسبوك ئه‌و په‌یامه‌ی سڕیوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ر بنه‌مای رێگری كردن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه‌ و نازانستی له‌ باره‌ی كۆرۆناوه‌.

پێش دوو مانگیش ترامپ له‌ فه‌یسبووك به‌شێك له‌ چاوپێكه‌وتنێكی خۆی له‌ گه‌ڵ فۆكس نیوز بڵاوكردبوه‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتبوو، مندالان له‌ به‌رامبه‌ر كۆرۆنادا پارێزراون، به‌ڵام فه‌یسبوك ئه‌و پۆسته‌شی سڕیبوه‌وه‌.

Back to top button