سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دەیڤد كۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق كرد، ئەوان چەند پرسێكی پێوەست بە دۆخی عێراق و ناوچەكەیان باس كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و تەناهی و گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمەریكا و عێراق و پێوەندییەكانی هەردوولا و كێشەكانی هەولێرـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنیان و هەڕەشەی سەر نێردە دیپلۆماسیەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی جموجووڵە چەكدارییەكانی داعش، تاوتوێ كران.
هەردوولا دووپاتیان لە برەودان بە پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ كەرتی تایبەت و سەرمایەگوزاریی ئەمەریكی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هاریكاری و هاوبەشیی نێوانیان.
هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی عێراق و هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی ئەرك و پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هاوكاری و هاوئاهەنگی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان، تا نەهێشتنی یەكجاریی هەڕەشەكانی داعش و لەناوبردنی.
هەر لە كۆبوونەوەكە كە كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادی بوو، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەر باس.