د. هەڤاڵ ئەبوکر: رێکاری پێویست بۆ رێگرتن لە زیاتر تەشەنەسەندی کۆرۆنا دەگیرێتەبەر

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بە هاوكاری خەڵكی خێرخواز و شارەكە تواندراوە كەرەستە و پێداویستیەكانی کەرتی تەندروستی كەموكورتی نەبێت، دەشڵێت، “هیوادارین سەرمایەی مرۆیی كەرتی تەندروستی زیاد بكرێت كە ئەوەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت”.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەفتەی ئایندە لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوە و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی هەرێمیش لە هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە، رێکاری پێویست بۆ بەرگرتن لە زیاتر تەشەنەسەندی ڤایرۆسەکە دەگیرێتەبەر.

گوتیشی، یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزى ژمارەى مردن بە کۆرۆنا لە پارێزگاى سلێمانى ئەوەیە کە نەخۆش لە هەموو عێراقەوە دێن لە نەخۆشخانەکانى سلێمانى چارەسەر وەردەگرن، کە گیان لە دەستدەدەن لەسەر سلێمانى تۆمار دەکرێت.

د. هەڤاڵ دەڵێت، پابەند نەبوونى خەڵک و قورس بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و گەیشتنى سلێمانى بەو قوناغەى کە بە تەواوەتەى ڤایرۆسەکەى تێدا بڵاوبۆتەوە، هۆکارى بەرزى ژمارەکانن لە پارێزگاکە.

لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاکە، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند “بەبڕوای ئێمە نە قەدەغەی هاتووچۆ، نە کەرەنتینەکردن ئێستا هیچ سوودێک بەو رەوشە ناگەیەنن، چونکە لەو قۆناغەدا کۆرۆنا چووەتە نێو هەموو ماڵەکان، هیچ ماڵێک نییە ئێستا حاڵەتێکی تووشبوونی تێدا نەبێت و دەگمەنە خێزانێک بدۆزیتەوە بەرکەوتەیان نەبێت”.

بەگشتی لە هەرێمی کوردستان تائێستا زیاتر لە 51 هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 1877 کەس.

Back to top button