ڕیال مەدرید ئامادەكارییەكانی بۆ كڕینی كیلیان مباپێ دەستپێكرد

یانەی شاهانه‌یی مەدرید سوورە لەسەر ئەوەی هاوینی داهاتوو كیلیان مباپێ بۆ ڕیزەكانی بگوازێتەوە، ڕۆژنامەیەكی كەتەلۆنیش پێی وایە كە بەرپرسانی ڕیال مەدرید هەنگاوەكانی گواستنەوەی (مباپی) یان دەستپێكردوە.

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنی لەم بارەیەوە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە كە ڕیال مەدرید لە وادەی گواستنەوەی هاوینە هیچ گرێبەستێكی ئەنجام نەدا و تەنها لۆنین و ئۆدیگارد و ئۆدەریزۆلای لە خواستن هێنایەوە، لە كاتێكدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ چەندین یاریزانی یانەكەی فرۆشتوە كە گرنگترینیان حەكیمی 45 ملیۆن یۆرۆ و ڕیگیلۆن 30 ملیۆن یۆرۆ و ئۆسكار ڕۆدریگێز 13 ملیۆن یۆرۆ و جگە لەوەش یانەكە لە مووچە بەرزەكانی بەیل و ڕۆدریگێز خۆی ڕزگار كرد، بەمەش بۆ وەرزی داهاتوو پێرێز دەیەوێت بۆ میركاتۆی هاوینە پارەیەكی باشی لەبەردەست بێت تا بە ئاسانی مباپی و كامافینگای ئەستیرەی ڕەین و هالاند بۆ ڕیزەكانی بگوازێتەوە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەكە هاتوە كە مباپی لە لایەن خۆی خەونەكەی پێرێزی زۆر نزیكتر كردووەتەوە بەهۆی ئەوەی تا ئەو ساتەش تازەكردنەوەی گرێبەستەكەی ڕەتدەكاتەوە و دەیەوێت بۆ ساڵی داهاتوو بە ئاسانی بێ تەگەرە پاریس سان جێرمان بەجی بهێڵێت و ڕوو لە ریال مەدرید بكات.

Back to top button