لە دهۆك زەنگی مەترسی لێدرا .. دەیان توشبوی کۆرۆنا ژیانیان لەمەترسیدایە

سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسى کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک ڕاى گەیاندووه‌، تووشبووانی ڤایرۆسى کۆرۆنا زوو سەردانی دامەزراوەکانی تەندروستی ناکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە ئێسته‌ له‌ شاره‌كه‌ باری تەندروستی 72 نەخۆش لە مەترسیدایە.

د. موئەیەد ئەغالی، سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی توشبوانی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک راگەیاند، ئێستا 135 تووشبووی کۆرۆنا لە بارودۆخێکی خراپدان و 72 تووشبووش باری تەندروستیان مەترسیدارە و 29 تووشبووش لە ژێر ئامێری ھەناسەدانی دەستکردان.

ئاماژەی بەوەشکرد، باری تەندروستی ئەو 29 تووشبووەی کە لە ژێر ئامێری ھەناسەدانی دەستکردان مەترسیدارە و زیان بە سییەکانی ھەندێکیان گەیشتووە و ئەمە دەبێتە ھۆی گیان لە دەستدانیان، چونکە ھەندێک نەخۆش سەردانی دامەزراوە تەندروستیەکان ناکەن تا ئۆکسجینیان دەبێت 50 و کەمتریش دەبێت ئێنجا دێنە نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژانە حاڵەتی گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە شاری دھۆک تۆماردەکرێن، ھەر لە سەرەتاوە تا ئێستا زیاتر لە 300 نەخۆش بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

بەپێ قسەی مویەئەد، زۆربەی تووشبووەکان تووشی کۆکە و ھەناسە تەنگی و سکچوون و تا دەبن و قورگیان دێشێت و ئەو کات دێن نەخۆشخانە کە تووشی لەکارکەوتنی سیەکانیان ھاتوون، لەبەر ئەوە گیان لە دەستدەدەن و ھەر شتێکی پێویستیش بێت لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا بوویان ئەنجامدەدرێت.

Back to top button