ئه‌مڕۆ وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌ به‌غدا ده‌بێت

بڕیارە ئه‌مڕۆ هەینی ڕێبەر ئەحمەد وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، سەردانی بەغدا دەكات.

ڕێبەر ئەحمەد وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە پێگه‌ى تایبه‌تى خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێكی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، ئه‌مڕۆ هەینی سەردانی بەغدا دەكەن، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

له‌دواى خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵى 2017 ه‌وە، شنگال لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەردا گیراوە و زۆربەی دانیشتوانەكەی تا ئێسته‌ لە كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كاندا لە سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، چونكە دۆخی شنگال ئاسایی نەكراوەتەوە.

ڕۆژی 5ی ئەم مانگە مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لەسەر ڕەوشی شنگال رایگەیاند، جگه‌ له‌وه‌ی به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك پێشكه‌ش بە شنگال بكات، ناوچه‌كه‌ش بووه‌ته‌ جێی خه‌ڵكێكی دیكه‌ كه‌ ته‌نیا نه‌هامه‌تیان بۆ شنگال هێناوه‌.

گوتیشی کە له‌سه‌ر شنگال له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق گه‌یشتوونه‌ته‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتن و رێككه‌وتن و به‌مزوانه‌ هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ده‌ده‌ن.

https://twitter.com/RayberAhmed/status/1314261379109531652?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1314261379109531652%7Ctwgr%5Eshare_3&ref_url=http%3A%2F%2Fwww.wishe.net%2Fdetails.aspx%3F%3Dhewaljmare%3D105712Jor%3D14

Back to top button