ئەو ژنەی یەكەم ئاڵای كوردستانی بۆ راگەیاندنی كۆماری كوردستان نەخشاند كۆچی دوایی كرد

فاتمە ئەحمەدێن ئەو ژنە نیشتمانپەروەرەی یەكەم ئاڵای كوردستانی بۆ راگەیاندنی كۆماری كوردستان چنی، بەیانی ئەمڕۆ لە شاری مهاباد كۆچی دوایی كرد.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2020، فاتمە ئەحمەدێن ئەو ژنە نیشتمانپەروەرەی لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مهاباد، یەكەم ئاڵای كوردستانی بە دەستی خۆی نەخشاندبوو، كۆچی دوایی كرد.

سەیدزادە فاتمە سەید مەناف حسێنی هاوسەری “میرزا كەریم ئەحمەدێن”ە، وەزیری پۆست و تەلەگرافی كۆماری كوردستان بووە.

فاتمەخان یەك لە دوا یادگارییەكانی كۆماری كوردستان بوو كە لە تەمەنی گەنجێتیدا چالاكانە بەشداری لە راگەیاندنی كۆماری كوردستان كردووە، ئەندامی یەكێتی یایانی كوردستان بوو كە رێكخراوێكی تایبەت بە داكۆكیكردن بوو لە مافی ژنان لە سەردەمی كۆماری كوردستان و مینا خانمی ئەسكەندەری هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد سەرۆكی ئەو یەكێتییە بوو.

دایە سەیزادە کە بە دایکی ئاڵای کوردستانیش ناو دەبرێت، کچی سەید مەناف حوسێنی، کەسایەتی شاری مهابادە و تا کۆتایی تەمەنی لە شاری مهاباد مایەوە و وەک خۆی باسی دەکات، لە سەردەمی کۆماری کوردستان دراوسێی ماڵی، نەمر مەلا مستەفا بارزانی بوون.

Back to top button