خواکوڕک دەقی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال بڵاودەکاتەوە
حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
1. تەوەری کارگێڕی:
– دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
– لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوولاوە دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان رەچاودەکرێت.
2. تەوەری ئەمنی:
– تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
– لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچکەکە بەهێز دەکرێت کە لەو هێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.
– کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.
3. تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاریدەکرێت.
4. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رەوتی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پێکدەهێنرێت.
رۆژی هەینی 09-10-2020، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کۆبوونەوە.