دۆناڵد ترەمپ: ئەوەى پێى وایە بایدن دەتوانێت سەرۆکایەتى ئەمەریکا بکات زۆر بەهەڵەداچووە

سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رایدەگەیەنیت؛ ئەمەریکییەکان درک بەو شتانە دەکەن کە لەو وڵاتەکەیان رودەدات و دەبینن لە مێژودا رویان نەداوە، دەشڵێت: لەبەرامبەر ئەو سەرکەوتنانە ئەمەریکییەکان متمانەم پێدەدەنەوە بۆ چوار ساڵى ئایندە.

جەماوەرێکى زۆرى دۆناڵد ترەمپ، لەبەر دەم کۆشکى سپى کۆبونەوە بۆ پاڵپشتى بانگەشەکانى ترەمپ، لە وتارێکیشدا بۆ هەوادارانى، ترەمپ رایگەیاند: ئەگەر پێتان وایە بایدن دەتوانێت سەرۆکایەتى ئەمەریکا بکات ئەوا پێتان دەڵێم کە بەهەڵەداچون، چونکە سیاسەتى دیموکراتەکان شکستى هێناوە.

ئەم وتارەى ترەمپ، یەکەم وتارى فەرمییە لە دواى توشبونى بە کۆرۆنا و وتیشى: لە هەشت مانگى رابردودا (11.4) ملیۆن هەلى کارمان رەخساندوە، هیچ وڵاتێک ئەمەى نەکردوە و ئەوەى رودەدات مێژوییە، هەر بۆیە هاوڵاتیانمان ئەو سەرکەوتنە دەبینن و متمانەم پێدەبەخشنەوە تا لە چوار ساڵى ئایندە درێژە بە کارەکان و سەرکەوتنەکانمان بدەین.

سەرەڕاى ئەوەى بەپێى دواین راپرسییەکان لە ئەمەریکا، (53%)ى ئەمەریکییەکان ترەمپ رەتدەکەنەوە، بەڵام ترەمپ لە وتارەکەیدا بە متمانە بەخۆبونەوە جەختى لەوەکردەوە سەردەکەوێت و داواشیکرد هاوڵاتیان بەشدارى هەڵبژاردن بکەن و دەنگى پێبدەن.

Back to top button