کەمال موسلم : کاری جدیمان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی کردووە
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند، دەمانەوێت لە رێی بەرهەمی ناوخۆوە پیشەسازی خۆراك دروست بكەین.
كەمال موسلیم بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە: چاكسازی یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی كابینەی نۆیەم بووە كە بڕیاریاندا لەسەرەتاوە كاری لەسەر بكەن.
ناوبراو دەشڵێت: یاسای چاكسازی پەسەند كراوە و لە هەمو وەزارەتەكان هەیە و تایبەت بە وەزارەتەكەی خۆشمان ئێمە لیژنە لاوەكییەكانمان بۆ دروست كردوە و كاری جدیمان لەسەر كردوە، چونكە ئەوە بابەتێكی چارەنوسسازە بۆ خەڵك و حكوومەتیش.
وەزیری بازرگانی رایگەیاند “وەك وەزارەت كاری باشمان لەسەر كردوە بۆ ئەوەی لە دەرەوە بازاڕی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی پەیدا بكەین و لە ناوخۆش كارگە دروست بكەین بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆ ئەوەی بیكەین بە پیشەسازی خۆراك، لەبەرنامەماندایە و كار بۆ ئەوە دەكەین بەتایبەت دروستكردنی ساردخانە بۆ بەروبومە وەرزییەكان بەتایبەت لە هاویندا”.
ئەوەشی روونكردەوە، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان بۆ پێشخستنی پیشەسازی (11) ناوچەی پیشەسازی لە هەرێم دروست دەكەن و لە دهۆك كردویانەتەوە و لە ئایندەشدا لە هەڵەبجە دەیكەنەوە و دواتر لە هەمو ناوچەكانی تریش دەیكەنەوە.