حكومه‌تی عێراق پڕۆژه‌ی وه‌رگرتنی قه‌رزی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كرد

 

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند كه‌ ناتوانن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات و به‌ هۆیه‌وه‌ مووچه‌ی مانگی رابردوو به‌ دواكگه‌وتنی 13 رۆژ دابه‌شكرا له‌ ئێستادا حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگی داهاتوو داوای وه‌رگرتنی قه‌رزی كردووه‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌ یاسای قه‌رزی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌. لێژنه‌ی دارای په‌رله‌مانی عێراقیش رایده‌گه‌یێنێت كه‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ گه‌یشتۆته‌ په‌رله‌مان.

موسەنا عەبدولسەمەد سامەرائی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاند؛ پڕۆژه‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز گه‌یشتۆته‌ په‌رله‌مان به‌ڵام پێویستە ئەو پڕۆژە یاسایە پێش دەرچواندنی، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئابورییەکانی بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حکومەت پەلە بکات لە ناردنی كارنامه‌ی چاکسازی ئابوریی بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ لیژنەکەیان پڕۆژە یاساکەیان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکردوەتەوە تا بخرێتە بەرنامەی کار و دواتر ئاڕاستەی راوێژکاری دارایی لیژنەکە بکرێت بۆ ئەوەی راپۆرتی لەبارەوە ئامادە بکرێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی داراییدا جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌دوای په‌سه‌ند كردنی مه‌رجداری یاسای قه‌رز ده‌بێت له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا حكومه‌ت كارنامه‌ی چاكسازی ئابوری ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات.

Back to top button