وەزارەتی خوێندنی باڵا ٪٤٥ کرێی خوێندنی کەمکردەوە

بەمەبەستی هاوکاری کردنی قوتابیانی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران له‌ ته‌واوی زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومییه‌كان به‌ڕێژه‌ی 45% كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

هەروەها لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان، تاوەکو هاوشێوەی ساڵی رابردوو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی، رۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد، کە ساڵی رابردوو بە گیانی لە خۆبرده‌ییەوە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی:

بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندنى پارالێل و ئێوارانى لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەى (45%) هاوشێوەى ساڵى رابردوو بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

ئەمڕۆ دوشەمە رێکەوتى (12/10/2020) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت، سەرۆك زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى ژمارە (10)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبوونەوەکانى سه‌نتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی.

لە تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەبەرچاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و رەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان، تاوەکو هاوشێوەی ساڵی رابردوو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی، رۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد، کە ساڵی رابردوو بە گیانی لە خۆبرده‌ییەوە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.

لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجوومەنى وەزارەت دواى گفتوگۆ و را گۆڕینەوە، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى رێژەى (٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى ساڵى رابردوو، بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنى رێژەیەك لە کورسى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، ئامانج لەم بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزارەتیش رەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆ دەرچوانی سەرکەوتووی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن، هەروەها ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لەبەرژەوەندی دەرچوانی ئازیزی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکى دیکەى تایبەت بە پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێى (2020-2021) و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان و دانانى پلان و بەرنامەڕێژى بۆ پێشوازیکردن لە دەرچووانى پۆلى دوازدەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى تاوتوێکران.

Back to top button