بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێ ئاراستەی هاووڵاتیان دەکرێت
لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا ، بە لەبەرچاوگرینی هەڵکشانی سەرلەنوێی تووشبووانی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی بۆ خۆپارێزی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد .
یەک لە هەرە بەرچاوترین بڕیارەکان بریتییەلە ، دانانی پرسەو چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات.
دەقی بڕیارەكان”..
١-پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دابینکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتیەکان بێت بەتایبەتی کەرتی تەندروستی و پەروەردەو هێزەکانی ناوخۆو فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشکەش بکەن و بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە.
٢-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەک خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان بێت.
٣-هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو کارمەندانی فەرمانگە و دامەزراوەکانیان بە رێنمایی و رێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکانەوە.
٤- لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان نەبێت.
٥-لیژنە هاوبەشەکانی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە شوێنە گشتیەکانداو هەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.
٦-کردنەوەی خوێندنگا و ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە رێنمایی و رێکارە تەندروستیەکانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی رادەسپێررێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێکارانەوە.
٧-دانانی پرسەو چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات.
٨-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژکردنی مزگەوتەکانی ناوبازاڕو ئەو فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەکرێت.
٩-کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسکبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
١٣ / ١٠ / ٢٠٢٠