سندوقە كۆنەكەی كاكە حمە بەڵگەی نوێشی تێدایە
خواكوڕك
پاش ئەوەی محمەدی حاجی محمود لەدیمانەیەكی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا بەشی كوردی دا گوتی، با خەڵك ئەوە بزانێت كێشەكانی لەسەر دروست كردنی میترۆ نیە لەناو شارەكان، بەڵكو كێشەكان، لەسەر پارە و دەسەڵاتە، هەروەها گوتیشی ئەوەی لەكۆبوونەوە باس دەكرێت، جیاوازە لە وەی لەشاشەكانی میدیا باسی دەكەن و گوتیشی هەر پێنج لایانەكە بەكم و زۆر بەشداری لە پرسی نەوت، هەر سێ لایانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، لەمیدیاوە وەڵامی كاكە حەمەیان دایەو، سەرچاوەیەكی نزیك لە كاكە حمەش دەلێت دەرگای دادگا كراوەیە بۆ ئەوان، بەڵام بەمیدیا كردنی داواكاری یاسایی جگە لە گەوجاندنی خەڵكی چیتر نیە، دەلێت ئەو حزبانە سێ ساڵە خەریكی گەوجاندنی خەڵكن بابەتی دادگای ئەوانیش هەر ئەو گەوجاندنەیە چونكە ئەگەر پێیان وابێت سندووقە كۆنەكەی كاكە حمە بێ بەڵگەی نوێیە، ئەوە بە سەهوو داچوون”.
رۆژی 14-1-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، كە نوێنەری هەر سێ لایەنەكە (پارتی، یەكێتی و گۆڕان) ئامادەی بوون، رایگەیاندبوو “زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوت بەشدارن و ئاگادارن”.
پێشتر هەرسێ لایانی كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو وەڵامی محەمەدی حاجی محمودا دایەوە و گۆڕان لەزاری ، شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەكە رایگەیاند “ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو قسانەی كاكە حەمە بە تۆمەتبەخشینەوە و هەڵگێڕانەوەی راستییەكان و خۆڵكردنەچاوی خەڵكی كوردستان دەزانین و، رایدەگەیێنین ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە”. كۆمەڵی ئیسلامیش لەمەر قسەكانی كاكە حمە، ئەنجوومەنی سیاسی ئەو حزبە ئیسلامیە، لەسەر بوونی پاڵاوگە و كۆمپانیاکانی نەوت روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند “ئێمە دڵنیاین كە خەڵكی كوردستان ھیچ متمانەو باوەڕێك بەم درۆیانە ناكەن. بەڵام لاشمان سەیرە كە ھەندێك كەسایەتی سیاسی دووبارەی دەكەنەوە بەو گومانەی ئەو قسەیەیان بۆ بێتە دی كە دەڵێت (درۆبكە درۆبكە تا خەڵكی وادەزانن راستە)”. بەهەمان شێوە ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان روونكردنەوەیەكی لەسەر قسەكانی محەممەد حاجی مەحموود بڵاوكردەوە و رایگەیاند “بە تەحەدداوە رایدەگەیێنین كە یەكگرتوو هیچ بەشدارییەكی لە مەسەلەی نەوت و هەر بوارێكی دیکەی گەندەڵیدا نییە. هەركەس و لایەنێكیش ئەگەر بەڵگەیان لایە با بیخەنەڕوو. حەیفیشە بۆ مەرامێكی نزمی حزبی یان تایبەتی، دەستببرێ بۆ ناوزڕاندن و لەكەداركردنی بێ بەڵگە و بێ بنەما”.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو سێ حزبە تەنها بەتەڵی سەرشاشە و چەواشەكارین، وەڵامەكانیشان نیشانەی راستی بوونی قسەكانی كاكە حمە دەسەلمێنێت، چونكە ئەگەر ئەوەندە لەخۆیان دڵنیان بۆچی بە هاوبەشی نەچوونە بەردەم دادگا و داوای یاساییان لەسەری تۆمار بكەن، پاشان رایبگەێنن ئەوە لەسەر ئەو قسانەی كاكە حمە داوای یاسایمان تۆمار كرد، بۆ هەڵمالینی راستیەكان، بەڵام كە زانیان، بەڵگە لە سوندووقە كۆنەكەی كاكە حەمە هەیە، هەوڵیاندا لە میدیا دەست بەچەواشەكار بكەن، ئیرهابی فكریان دژبە كاكە حمە دەست پێبكەن”.
پێشتر خواكوڕك چەند بەڵگەیەكی لەسەر پاڵاوگەكانی یەكێتی و گۆڕان بڵاو كردبویەوە، چاودێرانی سیاسیش دەلێن ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو دڵیان بەوە خۆشە پاڵاوگەكانیان لەسەر ناوی شەخسە و لەسەر ناوی حزب نیە، ئەوە دڵنیابن راستی ئەو داوایە یاساییە دەبێتە هۆكاری داخرانی پاڵاوگەكانیان كە لەژێر ناوی كەس بەرێوەی دەبەن.