کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی ناکات

بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەتوانێت بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی بکات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگاڵ تووشبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی میدیا ئەوروپییەکان ئەنجامی پشکنینەکانی یاریزانەکانی دیکەی پۆرتوگاڵ خاوێن دەرچووە، لەکاتێکدا 17 کاتژمێر لەمەوبەر کریستیانۆ لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی پۆرتوگاڵ بەیەکەوە نانیان خواردووە.

بەلایەنی کەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێویستی بەوەیە 10 رۆژ خۆی کەرەنتین بکات تاکو ئەم ڤایرۆسە تێدەپەڕێنێت، پێویستی بەوەیە دوو جار پشکنین بکات و ئەنجامەکانی نێگەتیڤ دەربچێت، لەکاتێکدا دوای 15 رۆژی دیکە یۆڤێنتۆس و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ بەیەک دەگەن، بۆیە بەشداریکردنی دۆن لەو یارییە ئەستەمە.

لەبەر ئەوەی دوای یارییەکەیان لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا زۆربەی یاریزانەکانی فەرەنسا بەرکەوتنیان لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەبووە و درێسیان لەگەڵی گۆڕیوەتەوە و قسەیان بەیەکەوە کردووە، مەترسی هەیە ئەوانیش تووشی ئەم پەتایە بوو بن و پێویستیان بەوەیە پشکنینیان بۆ بکرێت.

Back to top button