ناوهڕۆكی كۆبوونهوهی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بڵاوكرایهوه
ئەمڕۆ چوارشەممه 14ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی دیدارێکی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕێک خست، تێیدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا.
هەروەها دووپات لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کرا.
لەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا پشتگیریی خۆی بۆ ڕێککەوتنامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان دەربڕی.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا تیشکی خستە سەر بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری.