ئه‌وقافی هه‌رێم: له‌مه‌ودوا گومه‌زی مزگه‌وته‌كان له‌شێوه‌ی كڵاو و جه‌مه‌دانی دروست ده‌كرێن

لەمەودوا دروستکردنی مزگەوت شێوازەکەی دەگۆردرێت و دەکرێتە شێوازێکی کوردەواری و یه‌كێك له‌ شێوازه‌كان ئه‌وه‌یه‌ گومه‌زی مزگه‌وته‌كان له‌شێوه‌ی كڵاو جامه‌دانه‌ی كورده‌واریدا دروست بكرێن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاندووە كه‌ وەزارەتی ئەوقاف بانگەوازێکی بۆ دیزاینەرانی ھەرێمی کوردستان كردوه‌ بۆئەوەی لەمەودوا دیزاینی مزگەوتەکان بەشێوەیەکی کوردەواری دروست بکرێن، له‌ كۆی 30 كۆمپانیاش كه‌ بەشداریان کردوە، سێ کۆمپانیا دیاری کراون و لەمەودوا ئەوان بڕیار لەبارەی دیزاینی مزگەوتەکان دەدەن.

نەبەز ئیسماعیل وتیشی، پێویستە مزگەوتەکان مۆرکی کوردەواریان پێوە بێت، کە گومەزی مزگەوتەکان لەسەر شێوەی کڵاو و جەمەدانی کوردی دەبێت و دوور دەبین لە شێوازی وڵاتان، بەو هەنگاوەش سیمای مزگەوتەکان کوردەواری دەبێت.

له‌باره‌ی رێنماییه‌كانی دروستكردنی مزگه‌وتیشه‌وه‌ وتی ئەوەی دەیەوێت مزگەوت دروست بکات پێویستە بەپێی رێنمایەکان بێت و زەویەکە ھی شارەوانی بێت و نێوان مزگەوتەکان زۆر بێت، هەوکات ئەوەی دەیەوێت مزگەوت دروست بکات دەبێ پارەی کاشی ھەبێت و ناکرێت کۆیبکاتەوە و رێگەپێدراو نییە.

لە ھەرێمی کوردستاندا پێنج ھەزار و 560 مزگەوت ھەیه‌ و لە سێ ھەزار و 174 مزگەوتیشدا وتاری ھەینی ده‌خوێندرێته‌وه‌.

Back to top button