خیانەتی١٦ ی ئۆکتۆبەر چۆن رویداو لێکەوتەکانی چیبون
یەكەم/ شازدەی ئۆكتۆبەر ساڵڕۆژی ڕووداوێكی كارەساتبار و ناخۆشە لە مێژووی گەلەكەمان ئەو ڕووداوە لە ئەنجامی ڕێككەوتنێكی ژێر بە ژێر و نهێنیی بەشێكی یەكێتی، بە بێ ئاگاداریی دامودەزگای فەرمی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت بە بێ ئاگاداریی بەشێكی گرنگی یەكێتی و بە سەرپەرشتیی لایەنێكی بیانی و حەشد و حكوومەتی عێراقی ئەنجام درا. دووەم / ئەم ڕێككەوتنە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و ناپاكی لە گەلی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەكانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كراوە. سێیەم/ ئەم ڕێككەوتنە و ڕادەستكردنی كەركووك بە بێ شەڕ و پاشەكشەپێكردنی هێزەكان بە بێ هەماهەنگی و ئاگاداریی كۆی هێزی بەرگریی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە زەبرێكی گەوەری لە مۆڕاڵ و ورەی پێشمەرگە دا و پێشمەرگەشی بۆ بەرگریكردن لە ناوچە جیاجیاكان تووشی شپرزەیی وهەڵوەشانەوە كرد. چوارەم/ئەم ڕووداوە بووە هۆی تێكدانی باری دەروونیی هاوڵاتیانی كوردستان و خەڵكی نیشتیمانپەروەر و نائومێدی لەناو تێكڕای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان دروست كرد. پێنجەم/ئەم ڕووداوە کاریگەری زۆری خستە سەر ڕۆڵی کورد لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و سەرچاوەكانی هێز و داهاتی گەلی كوردستانی كردە نیوە. شەشەم/ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعش بە یەكڕیزیی تەواو لە یەك سەنگەردا بوون و قارەمانانە بەرگرییان لە كەرامەت و خاكی كوردستان كرد و ئەو خیانەتە بوە هۆی دروست بونی و درز و دووبەرەكی لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگە و وای لێهات لە ڕۆژانی دواتر بەشێكی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی بەرگرییان دەكرد و بەشێكی تریش فرمێسكی نائومێدی و حەسرەتیان دەڕشت لە دوورەوە سەیریان دەكرد. حەوتەم/ ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی دیموكراتی و ئاشتیخوازانە و مەدەنیانەی خەڵكی كوردستان بوو و هی ئەوە نەبوو ئەو هەڕەشە و زەبر و زەنگ و ناپاكییەی بەرانبەر بكرێت. هەشتەم / ڕووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر کاریگەری لەسەر سەنگ و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەناو ناوەندە دەولی و عەرەبییەكان بەشێوەیەکی سلبی هەبو ، تەنانەت كاریگەریی خەراپی لەسەر ئەو ناوبانگە باشە هەبوو كە كورد لەسەر ئاستی جیهانیدا بەدەستی هێنابوو بە تایبەت لە شەڕی داعش. نۆیەم /ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر پەیوەندی نێوان لایەنە كوردستانییەكانی تێك دا و زەمینەی بۆ دووبەرەكی و شەڕی ئیعالمی و بێ متمانەیی نێوان لایەنە سیاسیەكان خۆش كرد. دەیەم /شازدەی ئۆكتۆبەر بووە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وئەو ناپاكییە ناوخۆییەی ئەنجام درا بووە هۆی بەهێزتربوونی ڕەوتی شۆڤینی و تاییفیی لەناو عێراقدا و هانی بەشێكی زۆری لایەنە عەرەبییەكانی دا بە (شیعە و سوننەوە) زیاتر و بێ باكانەتر دژایەتیی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بكەن. یازدەهەم /شازدەی ئۆكتۆبەر بووە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆوری هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی هەرێم کوردستان . دوازدەهەم / بەهۆی ١٦ شازدەی ئۆکتۆبەر دیسان پرۆسەی تەعریب لەناوچەکە دەستی پێکردوەو رۆژانە عەرەب هاوردە دەکرێت و بەپێچەوانەی یاسا رێگەیان پێدەرێت و کارئاسانی نیشتەجێ بونیان بۆ دەکرێت . سێزدەهەم / لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەر سەرجەم سامانی ژێر زەویی و سەرزەوی بەتاڵان دەروات و پارەکەشی دەچێتە گیرفانی بێگانەو هەندێ لەملیشیاکان و تەنانەت خاک فرۆشانیش تا ئێستا بەرکەوتەیەکی کەمیان هەیە لەو بەتاڵان بردنەی شارەکە .
روورەشی بۆ خۆفرۆشان ونەفرەت لەداگیرکەرانی کوردستان .
شاخەوان عبداللە