پەیامی د.نەجمەدین کەریم لە سێیەمین ساڵیادی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر
نووسینگهی پارێزگاری پێشووی كهركووك، نهجمهدین كهریم، له سێیهم ساڵیادی “خیانهتی 16ی ئۆكتۆبهر”دا پهیامێكی بڵاوكردهوه و تێیدا رایگهیاند، “لە پەنای دەسەڵاتدارێتی تاك لایەنانەی سەربازی حکومەتی عێراقی لە كهركووك و ناوچە جێناکۆکەکان، تاوانکاری تەعریب و راگواستن و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شووناسی کورد دەدرێت”.
دهقی پهیامهكه
هاونیشتمانیانی ئازیزی كهركووك کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگەکانی پاراستنی خاك و نیشتمان
ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانکاری 16 ئۆکتۆبەر و داگیرکاری سەربازی عێراق بۆ شاری كهركووك و ناوچە جێناکۆکەکان، کە حکومەتی عێراق دوور لە هەموو بنەما یاسایی و دەستووری و بەها مرۆڤایەتیەکان، دەرهەق بە دانیشتووانی ئەم ناوچانە ئەنجامیدا.
هاونیشتمانیانی ئازیز؛ بەپێی دەستور و یاسا خاوەندارێتی ئیداری و یاسایی و ئەمنی و سەربازیی كهركووك و ئەم ناوچانە دەبێت بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بەڕێوەببردرێت، بەڵام مەخابن لە ماوەی 3 ساڵی دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، نەك حکومەتی ناوەندی تاك لایەنانە حوکمداری ئەم ناوچانەی کردووە، بەڵکو لە پەنای دەسەڵاتدارێتی تاك لایەنانەی سەربازی حکومەتی عێراقی لە كهركووك و ناوچە جێناکۆکەکان، تاوانکاری تەعریب و راگواستن و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شووناسی کورد دەدرێت.
هەر بۆیە کۆتایهێنان بە پرۆسەی حکومی تاك لایەنانەی حکومەتی ناوەندی لە كهركووك و ئەم ناوچانە زەورەتێکی حەتمیە و لەم رووەشەوە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە هەنگاوەکانیان بەردەوامە و هیوایەك بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی هەیە، هەروەها دەبێت رۆڵی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق زیاتر بکرێت، کە کار بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك سەرجەم ناوچاکانی دەرهوەی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانیانی كهركووك و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەم و سەری ڕێز و نەوازشی بۆ شەهیدانی پاراستنی كهركووك و کوردستان دادەنوێنین.
نووسینگەی
د. نەجمەدین کەریم