بڵند ئیسماعیل بۆ یه‌كێتی : خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زەقترین و بێنرخترین خیانەتە لە مێژووی شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی کوردستان

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە خیانەت ”بە بۆماوەیی بۆ تاقمێكی خۆ بە كەمزان و هیچ لەبار نەبوو و بێ ئیرادەی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان“ ماوەتەوە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی به‌رپرسی لقی 16ی پارتی له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، نووسینێكی بڵاو كردەوە و لە ناونیشانەكەیدا بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە ”رێسواتر لە خیانەت“ی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ وەسف كرد و رایگەیاند: ”خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زەقترین و بێنرخترین خیانەتە لە مێژووی شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی کوردستان، خیانەتێک کە پاڵنەر و ھۆکارەکانی كەڵەكەبووی گرێکوێرەی حەسادەت و چاوھەڵنەھاتنە بە شکۆی تێکۆشەرە راستەقینەکانی ڕێبازی کوردایەتی، کە بە بۆماوەیی بۆ تاقمێکی خۆ بەکەمزان و ھیچ لەبار نەبوو و بێ ئیرادەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوەتەوە. خیانەتێک کە دەستکەوتەکەی بۆ خاکفرۆشان شایی و داوەت بوو لەسەر ناموسی هەڕاجکراوی کەرکووک و دووز و خانەقین.

لەبارەی بەڵگەكانی خیانەتەكەش، ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی نووسیویەتی: خیانەتەكە ھێندە ھەڵگری بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرە، لێدوانی سەرانی ئەو کاتی عێراق و بەیاننامەی سەرکردەکانی یەکێتی و گفتوگۆی خودی خیانەتکاران بەسە بۆ ئەوەی کە ڕووی ڕاستەقینەی ڕەش هەڵگەڕاویان بواری حاشاکردنیان بۆ نەهێڵێتەوە.

گازاندەی ئەوەش دەكات، كە وەک ئەوەی تاجی سەروەرییان لەسەر کەرکووک نابێت، لە سێیەم ساڵیادی خیانەتەكەیاندا، بەیاننامە و لێدوان و چاوپێکەوتنی بێ ئابڕوانەی وا بڵاو دەکەنەوە کە مرۆڤ شەرم لە مرۆڤبوونی خۆی دەکات.

بڵند ئیسماعیل جەختی كردۆتەوە، ئەمڕۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر، یادی خیانەتی ئێوە و مەیدان چۆڵکردن و سەر شۆڕکردنتانە، پاش چەند ڕۆژێکی تریش، یادی داستانی سحێلا و پردێیە کە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەکانی کوردستان لووتی ئاغاکانی ئێوەیان شکاند، لە كاتێكدا دەتانگوت بۆیە کەرکووکمان ڕادەست کرد، چونکە ھاوکێشەی ھێزی ئێمە و بەغدا لا سەنگ بوو، ”پێتان دەڵێین ھەرگیز لاسەنگیی ھێز ھۆکاری شکان نییە، خۆ سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەکانی لە پردێ و سحێلا چەکی ئەتۆمی و (ئێف ١٦)یان نەبوو؟”.

ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە ھۆکاری سەرکەوتنی ئێمە ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون و دۆزە ڕەواکەمانە، ھۆکاری شکان و ڕیسوابوون و خوی خیانەتی ئێوەش، خۆ بەکەمزانی و ھیچ لەبارنەبوون و فرچکی خیانەتی زیاتر لە نیو سەدەتانە. بۆیە ئێوەی سووک و ڕیسوا لاپەڕەی ڕەشی مێژوو شوێنتانە و ئێمەش سەربەرز و خاوەن ئیرادە لاپەڕەی زێڕین و شکۆداری مێژوو لایەقمانە.

Back to top button