جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سووتاندنی ئاڵای کوردستان بە توندی مەحکووم دەکات
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای ئیدانە کردنی هێرشی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی 5 ی پارتی لە بەغدا ، سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە توندی مەحکووم دەکات و بە عەقڵییەتێکی شۆڤینی ناوی دەبات .
هێمن هەورامی هاوکات داوا لە سەرکردایەتی باڵای سیاسی عێراق دەکات لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە بکرێت و وڵامدەری سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بن
دەقی ڕاگەیاندراوەکە
بە توندی ئیدانەی پەلاماری بەشێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەین کە ترسنۆکانە بارەگای لقی ٥ ی پ.د.ک سوتاند و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەگەل ئالای پارتی ھێنایە خوارەوەو پێکەوە ژێر پێیان خستن. جێگای نیگەرانیەکی زۆرە ئەم رووداوە بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە ئەنجامدرا. ئەم کردەوە شەرمەزاری و نا بەرپرسیارانەی لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی، دووپاتی ئەو عەقڵیەتە شۆڤینی و مەزھەبیە توندرەو و تاریکپەرستیە دەکاتەوە، کە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی عێراق، نەتەوەی کورد و پیرۆزییەکانی لای ئەمانە قبوڵکراو نیە و رووداوەکەی ئەمرۆ ئەلقەیەکی دیکەی زنجیرەی ئەو کارەسات و نەھامەتیانەن کە ھەمان عەقلیەت لە بەرگی بەشێکی نیزامی مەلەکی و حەرەس قەومی و بەعس و داعش و قاعیدە بەرامبەر کورد و کوردستان کراوەو دەکرێت.
دەبێت سەرۆک کۆماری عێراق و سەرجەم کوتلە کوردستانییەکان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لە ئاست ئەم پێشھاتە ھەلوێستی ڕوون و ھەنگاوی کرداری بنێنن بۆ ئیدانە کردن و لێپێچینەو لە ئەنجامدەران.