راگه‌یانراوێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت،  له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می بایۆمه‌تریدا نزیكه‌ی ‌153 هه‌زار مووچه‌خۆر له‌ دهۆك، نزیكه‌ی 295 هه‌زار له‌ هه‌ولێر و زیاتر له‌ 329 هه‌زاریش له‌ سلێمانی خۆیان تۆمار كردووه‌.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یانراوێكی بڵاوكۆردۆته‌وه‌ و تیایدا داوای له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران كرد ناویان تۆمار بكه‌ن و هاتووه‌، دوایین ڕۆژ بۆ تۆماركردنی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی تا ڕۆژی 1/3/2017 ده‌بێت، به‌ڵام بۆ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وام بێت.

 

دەقی راگەیێندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران:

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز دا

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31/1/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری پێشكه‌ش كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا نزیكه‌ی ‌153 هه‌زار مووچه‌خۆر له‌ دهۆك، نزیكه‌ی 295 هه‌زار له‌ هه‌ولێر و زیاتر له‌ 329 هه‌زاریش له‌ سلێمانی خۆیان تۆمار كردووه‌. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ ژووری عه‌مه‌لیاتی تۆماركردنی بایۆمه‌تری كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ دوایین ڕۆژ بۆ تۆماركردنی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی تا ڕۆژی 1/3/2017 ده‌بێت، به‌ڵام بۆ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و كێشه ته‌كنیكی و كارگێڕییانه‌‌ی هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌.

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ به‌رده‌و‌ام ده‌بین له‌ پرۆسه‌ی تۆماركردن و داوای كرد ئه‌وانه‌ی خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌ بچن خۆیان تۆمار بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، خۆیان به‌رپرسیاریه‌تیی تۆمارنه‌كردنیان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند دوای ته‌واوبوونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ حكوومه‌ت ده‌بێته‌ خاوه‌ن لیستێكی پاك له‌ ناعه‌داله‌تی و فره‌مووچه‌ییی نایاسایی، كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات و پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌دا ده‌بێت‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی و ئه‌و تیمه‌ی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی هاوكاری ده‌كه‌ن كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئامارێكی باوڕپێكراو له‌سه‌ر مووچه‌خۆران ده‌بێت كه‌ حكوومه‌ت ده‌توانێ بڕیاری له‌سه‌ر بدات و ده‌بێته‌ بنامه‌یه‌ك بۆ داهاتوو.

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بێ حكوومه‌ت سیسته‌مێكی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ پێدانی مووچه‌ هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی هه‌یه‌تی بگونجێت و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ له‌و چاكسازییه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌.‌

پاشان به‌ڕێز مه‌ولوود باوه‌موراد وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكی وردی ده‌ر‌باره‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی 2016 و پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی 2017 خسته‌ ڕوو. هه‌روه‌ها ل ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان، زیادكردنی داهاتی گشتی له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕسوماتی كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری كارگێڕیی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زارت و كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌می، كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌وه‌كاله‌ت و ستافی وه‌زاره‌ت، گرنگیی كه‌رتی گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی دووپات‌ كرده‌وه‌ و داوای كرد وه‌زاره‌ت بتوانێت داهاتێكی زیاتر دابین بكات، له‌ به‌رمبه‌ردا خزمه‌تگوزاریی باشتر پێشكه‌ش بكات، له‌پێناو هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌ گشتییه‌كان كه‌ ته‌نها پشت به‌ داهاتی نه‌وت نه‌به‌سترێت.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك ئه‌وله‌ویه‌تی بۆ كاره‌كانی هه‌بێت و ئه‌و پڕۆژانه‌ بخاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ جێبه‌جێی بكات. پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره به‌ڕێزه‌‌كانیش، ده‌ستخۆشییان له‌ به‌ڕێز وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كرد بۆ ڕاپۆرته‌كه و چه‌ندین سه‌ره‌نج و تێبینییان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ پێشكه‌ش كرد.

دواتر به‌ڕێز خالد دۆسكی، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، هێڵه‌ گشتییه‌كانی سیاسه‌ت و دیدگای وه‌زاره‌تی له‌ بواره‌كانی ڕۆشنبیری، هونه‌ر، وه‌زرش و لاوان پێشكه‌ش كرد كه‌ به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و پشتگیریی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێ بكرێت، ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانیش، دید و سه‌ره‌نجی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ خسته‌ ڕوو.

ئینجا به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ به‌ڕێز وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندار له‌ حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، هاوكاریی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ت و دیدگای وه‌زاره‌ت بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ ته‌نیا به‌ وه‌زاره‌ت و حكوومه‌ت جێبه‌جێ ناكرێن.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان ڕه‌شنووسی ڕێنماییی تایبه‌ت به‌ هاوبه‌شیكردنی هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان و له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنماییی گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كاندا خسته‌ ڕوو، كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ كراوه.

ئه‌م ڕێنماییه‌ بۆ داڕشتنی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایییه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌رێن و بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ ئه‌و ڕێنماییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ بكرێن.

Back to top button