پەرلەمانی كوردستان بزانە چی لەبارەی سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی دەلێت

لەراگەیاندراوێكدا پەرلەمانی كوردستان  رایگەیاندووە”  پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعی تەواوی خەڵکی کوردستان وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانی زۆری خۆی لە ئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگا نەدات ھێزێكی  یاخی و لە یاسا دەرچوو، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی عێراق بگەیەنێت.

دەقی راگەیەندراوی پەرلەمانی كوردستان:..

ئەمرۆ ١٧ ی ١٠ ی ٢٠٢٠، ھێزێکی لە یاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی ٥ ی پ.د. ک یان دا کە خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانیە لە پەرلەمانی کوردستان و لە کاتی ئەو پەلامارەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستان سوتێنرا. وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارە و سوتاندنی ئاڵای کوردستان کە سومبولی گەلی کوردستانەو لە سایەیدا رۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین بە دواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لە ھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوە ژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. بیانوی پەلاماردەران ھەرچیەک بووبێت، رێگای دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی ھەبوو بۆ وەڵامدانەوە.

پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعی تەواوی خەڵکی کوردستان وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانی زۆری خۆی لە ئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگا نەدات ھێزێكی  یاخی و لە یاسا دەرچوو، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی عێراق بگەیەنێت.

بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان

پەرلەمانی کوردستان

Back to top button