وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر سووتاندنی بارەگای پارتی هاته‌ ده‌نگ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا، بە توندی ئیدانەی ھێرشی بەڵتەجییەکانی حەشدی شەعبی کرد، بۆ سەر بارەگای لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18-10-2020، مۆرگان ئۆرتیگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، بە توندی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر و سووتاندنی بارەگای لقی 5ـی پارتی لە بەغدا، کردووە.

لەبەیاننامەکەدا ھاتووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکات کە ئەندامانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران کردیانە سەر نوسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا.

وەزارەتی دەرەوە لەڕێی بەیاننامەکەیەوە پێیوایە ئۆپەراسیۆن و کارەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دەبێتە ھۆی ئاگرتێبەردانی گرژی و ئاڵۆزی نێوان نەتەوە و تایفە جیاجیاکانی عیراق و لەقکردن و بنکۆڵکردنی دیموکراتیەت.

لە کۆتایی بەیاننامەكه‌دا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: وەزارەتی دەرەوە ھەموو حزبە سیاسییەکان ھوشیار دەکاتەوەکە بەرپرسیارینە ھەڵسوکەوت بکەن لەم دۆخە شڵۆقەی کە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت کە بەگشتی مامەڵە لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید 19 و قەیرانی ئابوری و بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوەی داعشە.

Back to top button