هێمن هەورامی: بۆ سزادانی هێرشبەرانی سەر لقی 5ی لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵین
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پەرلەمانتارانی بۆ بابەتی پرساندن داوەتەوە، لەو ڕۆژانە وەڵامەكە بە پەرلەمانتاران دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی 10ی 2020، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ بابەتی پرساندن 23 پەرلەمانتار نووسراوێكیان داوە بە پەرلەمان و لە 30ـی ئەیلوول بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت بەرز كراوەتەوە و ئەوانیش پێش ئەو وادەیە 14 ڕۆژی یاساییە وەڵامیان داینەوە.
هەورامی ئاشكراشی كرد، كە حكوومەتی عێراقیش بەو رووداوە نیگەران و سەركۆنەی كردووە و حەشدی شەعبیش سەركۆنەی هێرشەكەی كردووە.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوە كرد بۆ سزادانی هێرشبەرانی سەر لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و ئەوانەی ئاڵای كوردستانیان سووتاند، لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵن.
دوێنێ شەممە 17ی 10ی 2020، ژمارەیەك گێرەشێوێن، لە بەغدا هێرشیان كردە سەر لقی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگەی لقیان سووتاند، پێشوەختەش ئاڵای كوردستانیان لەسەر شەقامەكان سووتاندبوو.