باڵیۆزی هیندستان لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی کرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە بیرەندەر سینگ یاداڤ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا ، پەیوەندییەکانی هیندستان لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتووێ کرا.
باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری وزە و کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیای زانیاری (IT).
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی. ئاماژەشی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دا، کە دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانیی گرنگ، لە عێراق و ناوچەکەدا.