له‌ باره‌ی هاتنەوەی مانگی مەولوود ئەنجوومەنی باڵای فەتوا روونکردنەوەیەك بڵاودەکاتەوە

لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موبارەکی رەبیعول ئەوەل، مانگی لەدایکبوونی فەخری کائینات حەزرەتی محه‌مه‌د (درودی خوای گەورەی لەسەر بێت)، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستی خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستیەکان، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا روونکردنەوەیەكی بڵاوكرده‌وه‌، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:58.

وێڕای پیرۆزباییکردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا “کۆڤید – 19” کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەك.

لەو روانگەوە وەك ئەنجوومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا.

ئاشکرایە کە مەولوودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێر، سەدەقە و چاکە بۆ رۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقە، خێرو چاکانەش، کە موسڵمانان دەیکەن، بدرێنە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاوبکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵا و موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولوودنامە و یادەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانه‌.

ئەنجومەنی باڵای فەتوا

18ی10ی2020ز

1/ربیع الأول/1442 ك

Back to top button