به‌رپرسی لقی پارتی لە بەغدا: سوتانی بارەگا و بینای حکومەت بوەته‌ كلتورێك

به‌رپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سوتانی باڵەخانه‌ بوەته‌ كلتورێك له‌ عێراقدا، كه‌ ماڵ و باڵه‌خانه‌ و دیبلۆماسیه‌كان و ته‌نانه‌ت باره‌گا حكومیه‌كانیش ده‌سوتێنرێت ئه‌و كه‌ڵچه‌ره‌ ڕه‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش بۆ خه‌ڵكی عێراق نه‌شكێته‌وه‌ واته‌ ده‌مێكه‌ له‌باشوری عێراق و له‌ناو پایته‌ختی عێراقدا ئه‌وبابه‌ته‌ له‌بڕشتدایه‌.

شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5ـی پارتی لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکی (دەنگی ئەمریکا)، رایگەیاندووە، پرسی هێرشکردنە سەر لقی 5 و سووتاندنی ئاڵای کوردستان لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەهۆی بە هۆکاری سیاسی بووە نەوەک لێدوانی کەسێک، ”چونكه‌ زۆر له‌سه‌رانی شیعه‌ی عێراقی لێدوانی له‌وه‌ توندتریان داوه‌ ده‌رباره‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ڵام له‌هیچ لایه‌ك قسه‌وباسی لێوه‌ نه‌كراوه“.

شوان محەمەد تەها هەروەها رایگەیاندووە، سووتاندنی بارەگاکە تەنیا هێرشکردنە سەر پارتی و ئاڵای کوردستان نەبوو، بەڵکو ئەو تێکدەرانە هەوڵیان دا ئاسایشی بەغدا زیاتر تێک بدەن و بەمەش هێرشەکە هێرش بوو بۆ سەر حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی.

هەروەک بەرپرسی لقی 5ـی پارتی لە بەغدا رایگەیاندووە، بارەگا و باڵوێزخانە سووتاندن لە عێراق بووەتە کولتوورێک و بڕشتی هەیە، کە ئەوەش بەشێوەیەکی باش بۆ خەڵکی عێراق ناشکێتەوە.

شوان محەمەد تەها ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی عێراقیان لە بوونی هەوڵێک بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکە ئاگادار کردبووەوە و زیاتر لە 500 کارمەندی ئەمنیش لە دەوری بارەگاکە بڵاوە پێکرابوون، بەڵام ئەو هێزە ئەمنییە کاری خۆی بە جددی ئەنجام نەدا و ئەوەش شلۆقیی دەزگای ئەمنیی عێراقی دەسەلمێنێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو کەسانەی بارەگای حزبەکەیان سووتاند راهێنراوبوون و مەشقی تایبەتیان پێکرابوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ربازگه‌كانه‌وه‌ هاتبن به‌ ئیعازێك ده‌هاتن و به‌ ئیعازێك ده‌ڕۆیشتن به‌ئوتومبێله‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاتبوون و ئاڵای حه‌شدی شه‌عبی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو.

شوان محەمەد تەها لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاندووە، نەوەک تەیا بارەگا حزبییەکان، هەموو دۆسیە و لایەنەکانی عێراق لەژێر هەڕەشە و مەترسیدان.

Back to top button