نوری حەمەعەلی: داستانی مێژوویی پردێ بووە خاڵی وەرچەرخان
لە سێیەمین ساڵیادی تێكشكاندنی پەلاماری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و چاوتێبڕانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، لە پردێ مەراسیمێك بۆ یادكردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەو یادە ڕێك خرا.
نوری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگە، وێڕای باسكردنی گرنگیی داستانەكە بۆ پێشمەرگەكان، ئەوەشی بۆ میدیاکان خستە روو كە داستانی پردێ، داستانێكی گەورە و گرنگ بوو، دەستكەوتێك بوو بۆ هەموو نەتەوەی كورد.
نووری حەمە عەلی، ئەوەشی وت كە هیچ كاتێك وەكوو كورد خوازیار و لەگەڵ شەڕدا نەبوون، بەڵام كە شەڕ سەپێنرا، دەبێ بەرگری لە خاك و خەبات و مێژوو و دەستكەوت و خوێنی شەهیدان بكەین، بۆیە دوای 16ـی ڕەشی ئۆكتۆبەر، 20ـی ئۆكتۆبەر بووە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی، بووە رۆژی بەرخودان و بەرگری دژی ئەو هێزانەی پەلاماری هەولێریان دا، بە خوێنی شەهیدان و برینداران و ئازایی فەرماندە و پێشمەرگەكان، ئەم داستانە مەزنە تۆمار كرا و پردێ بووە خاڵی وەرچەرخان.