بۆ یه‌كه‌مجار شاندێكی باڵای ئیمارات گه‌یشته‌ ئیسرائیل

له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی “یه‌كێتی بۆ فڕۆكه‌وانی”ه‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ شاندێكی باڵای ئیمارات كه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی باڵای ئه‌مریكایان له‌گه‌ڵدابوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌بوزه‌بیه‌وه‌ گه‌یشته‌ بن گۆریۆنی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمی داده‌نرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، شاندێكی باڵای حكومه‌تی ئیمارات له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی باڵای ئه‌مریكا به‌سه‌ردانێك گه‌یشتنه‌ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمی ئیمارات بۆئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت.

سه‌ردانه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ مانگی ڕابردو به‌چاودێری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، ئیمارات و ئیسرائیل به‌دوای فراوانكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریه‌كانی نێوانیاندان.

به‌رپرسانی ئیسرائیل رایانگه‌یاندووه‌، سه‌ردانی شانده‌كه‌ی ئیمارات سنوردار ده‌بێت، به‌هۆی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌لای خۆشیه‌وه‌ عه‌بدوڵا بن تۆق مه‌ری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات له‌تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، عوبێد حه‌مید تایر وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری دارایی سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ی ئیمارات ده‌كات.

هه‌ریه‌ك له‌ ستیڤن منوتچین وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا و واری بیرۆكویتز نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یاوه‌ری شانده‌كه‌ی ئیمارات ده‌كه‌ن، هه‌مان ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ی ئه‌مركاش یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو سه‌ردانی به‌حره‌ینیان كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ڕێوڕه‌سمی واژۆكردنی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌ ڕه‌سمییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و به‌حره‌ین.

Back to top button