قادر قاچاغ: تا رێككەوتنی هەرێم و بەغدا جێبەجێ نەكرێ ئاوارەكانی شنگال ناگەڕێنەوە
بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە چاوەڕێ دەكرێت دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال بكرێت، تا رێككەوتنەكەیش جێبەجێ نەكرێت، كە یەكەم هەنگاو پێویستە حكوومەتی عێراق بیهاوێت، ئاوارەكان ناگەڕێنەوە.
قادر قاچاغ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەكرێ رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێ و حكوومەتی عێراق هێزی میلیشیا و پەكەكە بكشێنێتەوە و ئیدارەی نوێ دروست بكات، بۆیە پێویستە یەكەم هەنگاو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بێت، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكرێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی روونی كردەوە، پێویستە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، دواتر ئاوارەكان دەگەڕێنەوە، چونكە ئاوارەكان بێ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ئامادەنین بەمشێوەیە بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بۆیە هەركاتێك رێككەوتنەكە جێبەجێ كرا، ئاوارەكانیش دەگەڕێنەوە.
تا ئێستە لە ترسی هێزی میلیشیا و پەكەكە، 80%ی ئاوارەی كوردی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان لە كەمپەكان دەژین و چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكەن بۆ گەڕانەوە.