کونسولی ژاپۆن لە هەولێر لە لایەن سەرۆک بارزانی پێشوازی لێکرا

ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە خاتوو ناگایاما یوشیكۆ، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر كرد و چەند پرس و باسێك گفتوگۆیان لەسەر كرا.

ئەمڕۆ 21/10/2020، سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە خاتوو ناگایاما یوشیكۆ، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر كرد، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵخانەی ژاپۆنی لە شاری هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی ژاپۆن لە ئەرك و كارەكانیدا خواست. كونسوڵی ژاپۆنیش وێڕای دەربڕینی ڕێزی خۆی بۆ گەلی كوردستان، جەختی لە ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و بەشداری لە پڕۆسەی گەشەسەندن و ئاوەدانكردنەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆشی ڕاگەیاند بەو سەقامگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و پیرۆزبایی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی لە بارەی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی شنگال كرد. هەروەها تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

Back to top button