ئەمەریكا نیو ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی لالش دابین دەكات

كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕی نیو ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالش دابین دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتی سەردانی پەرستگەی لالشی كرد و چاوی بە سەركردە ئێزیدییەكان كەوت.

لەو سەردانەیدا، كونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دابینكردنی بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەكە ڕاگەیاند.

باس لەوەش كراوە، كۆی گوژمەی تەرخانكراو لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەكە دەبێتە بڕی یەك ملیۆن دۆلار.
كونسوڵی گشتی دواتر گەڕانێكی بەناو پەرستگەكەدا كرد و پرۆسەی بەردەوامی نۆژەنكردنەوەی پەرستگە پیرۆزەكەی ئێزیدییانی بەسەر كردەوە.

پەرستگای لالش، پەرسگای ئاینی ئێزیدیەكانە، بە دووری 12 کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك. پیرۆزترین پەرستگای ئیزیدیەكانە كە ساڵانە لە جەژنی جەما ئیزیدیەكانی دەرەوەی هەرێمیش دێن سەردانی دەكەن و بەشداری جەژنەكەیان دەكەن.

Back to top button