ئەمریکا : باڵیۆزی ئێران لە عێراق خستە لیستی سزاکانیەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، بڕیاریداوە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق بخاتە نێو لیستی سزاكانی وڵاتەکەیەوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانیان لەسەر حسابی هاوڵاتیانی عێراق، چەندین ساڵە ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەشێوەیەكی خراپ سودیان لە عێراق وەرگرتوە، ئێران لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە سەقامگیری ناوچەكەی تێكداوە و هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیەن خۆشگوزەرانی و ئاسایشی عێراقییەكان لاوازبكەن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بە مەبەستی پاراستنی عێراقییەكان لە كارگەرییە خراپەكانی فەیلەقی قودس، واشنتن بڕیاریدا بە سزادانی ئیرەج مەسجدی جەنەراڵی باڵای فەیلەقی قودس كە ئێستا باڵیۆزی ئێرانە لە عێراق، ڕۆڵی کارای بووە لە پلانڕێژی بۆ ڕاهێنان و پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و ڕێنوێنی ئەو گرووپانەی کردووە دەستیان بووە لە کوشتن و بریندار کردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.