نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بۆ كۆچی دوایی د. شەفیق قەزاز بڵاوكردەوە

دوای کۆچی دوایی د. شەفیق قەزاز بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد و لەبارەی کۆچکردووەوە دەڵێت, دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو و وەزیرێکی سەرکەوتوو بوو.

دەقی پرسەنامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى د. شه‌فيق قه‌زاز ده‌كات

زۆر بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی نووسه‌ر و رووناکبیر و سياسه‌تمه‌دارى ديارى كوردستان (د. شەفیق قەزاز)م پێگەیشت. خوالێخۆشبوو لەو تێكۆشه‌ر و رۆشنبیرە پێشەنگ و دڵسۆز و نيشتمانپه‌روه‌رانه‌ بوو، كه‌ هەموو ژيان و تەمەن و توانای خۆی بۆ خزمەتی كوردستان لە شۆڕش و خەباتی سیاسی و ديپلۆماسی و رووناکبیری و ئه‌کادیمیدا بەسەر برد و خزمه‌تێكى زۆر‌ى پێشكه‌ش به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى كرد.

خوالێخۆشبوو له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشدا ديپلۆماتكارێكى به‌توانا و لێهاتوو و له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا وه‌زيرێكى سه‌ركه‌وتووى كارامه‌ بوو، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌كاديمياى كوردى و له‌ بوارى نووسين و ڕۆشنبيريشدا خزمه‌تێكى به‌رچاوى پێشكه‌ش كرد و جێپه‌نجه‌ى به هه‌موو ئه‌و بوارانه‌وه‌ دياره‌، كه‌ خزمه‌تى تێدا كردووه‌.

به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوسۆز و هاوبەشی خەم و په‌ژاره‌يانم، لە خوای مەزن داواکارم گيانى خوالێخۆشبوو بە به‌زه‌يى و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هه‌مووان ببه‌خشێت. يادى ئه‌و بۆ هه‌ميشه‌ به‌ زيندوويى ده‌مێنێته‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
23/10/2020

Back to top button