بێدەنگیەکی سەیر

بە ئاگاداری حکوومەتی تورکیا چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش بە ئاڵای رەشیانەوە له‌ ناوچەی‌ سه‌ری‌ كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان بەناوی بەرگری کردن لە ئاینی

ئیسلام، کە خۆیان گەورەترین دوژمنی ئیسلامن، دژ بە سەرۆکی فەڕەنسا خۆیان نیشاندا. ئەم دەرکەوتنەی ئەمڕۆی داعش هەموو ماسکەکانی هەڵماڵی، کە تورکیا جگە لەوەی سەرپەرشتکارێکی بەهێزی ئەو رێکخراوەیە، هاوکات لەشەڕەکانیدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێ، واتە ئەو خۆنیشاندانەی ئەمڕۆ پەیامێکی روونە، کە ئەم هێزە دەسکەلای تورکیایە بۆئەوەی لەناو ماڵی جیهانی ئازاد شەڕی بەها جیهانییەکانی پێ بکات. وەک ئەوەی چۆن بە راستەوخۆ و بەئاشکرا بۆ پشتیوانی لە ئازەربێجان رەوانەی لیبیا و ئەرمینیای کردوون، دەشیهەوێ رەوانەی فەڕەنسا و یەکە یەکەی وڵاتانی ئەوڕووپایان بکات، بەڵام تویتەکەی ئەمڕۆی ماکرۆن دەستپێکێکی باشە بۆ سنووردانانی هێرش کردنە سەر بەها جیهانییەکان، کە نووسیویەتی:” هەرگیز گوتاری رقاوی لەکەس قبوڵ ناکەین، بەردەوام لەپاڵ شکۆمەندی مرۆڤ و بەها جیهانییەکان دەبین”. بەڵام ئەوەی لەم نێوەندە سەیرە، بێدەنگی وڵاتانی ئەوڕووپا بە گشتی و رێکخراوی ناتۆیە، کە دەبوو لەیەکەم پەلهاوێشتنیدا بۆ دەرەوەی سنوور تورکیا بگێڕنەوە ناو سنووری خۆی. بۆیە ئەو پرسیارانە بە مێشکدا گوزەر دەکەن: ئایا تورکیا هێندە بەهێزە وڵاتان مل بۆ ویستەکانی بدەن؟ ئایا جیهانی ئازاد، کە داعش بە دوژمنی ژمارە یەکی مرۆڤایەتی دادەنێت، چاو لە هەڕەشە و پەیامەکانی ئەردۆگان دەپۆشێ؟ ئایا چۆن لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئیمپراتۆریای عوسمانلیان هەڵوەشاندەوە، مقەسێکی دیکەش لەو کۆمارە دەدەن، کە زمانی هەڕەشە بووەتە گوتاری رۆژانەی؟ ئایا کاتی نەهاتووە لەپێناو شکۆی مرۆڤ و بەها جیهانییەکان پشتیوانکارانی داعش بدەنە دادگا؟

Back to top button