ئیسلامی توندڕۆ لە نێوان پەیامی قورئانی پیرۆز و ویستی حاکمە دونیەوییەکان

حاجی محەمەد

پیرۆتی وەستا رەشید هەواڵی سەربڕینی مامۆستا فەڕەنسیەکە بەدەستی ئیسلامی توندڕۆ، کە پێشتریش هەمان تاوانیان لە شوێنی دیکە و بەرامبەر پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیش کردووە، لە کن منی کورد یەکێکە لە هەواڵە گرینگەکان لە پێناو پاراستنی گیانی بوونەوەرە ئیلاهییەکان، کە لەلای پەروەردگار پیرۆزن.

وەک ئەوەی تێیگەیشتووین، ئاینەکان بە گشتی و ئاینی ئیسلام بەتایبەتی رێگە بە کوشتنی هیچ بوونەوەرێک نادات، چونکە خوای گەورە ژیانی پێ بەخشیووە، تەنها رەبولعالەمین ئەو مافەی هەیە لە رۆژی قیامەت لێپرسینەوە لەگەڵ بەندەکانی خۆی بکات. لەسەر ئەو بنەمایە هیچ حاکم و ئەمیرێکی حزبە ئیسلامییەکان جێنشینی خوا نین تا لەبری خوای گەورە بڕیار بدات، وەک ئەوەی هەندێک بۆ مەبەستی سیاسی، خۆیان وا نمایش دەکەن، چونکە بەپێی قورئان و کتێبە ئاسمانییەکانیش دیاریکراوە، کە کام لە بوونەوەر چەقۆی لەسەرە، کامەیان لەسەری نییە.

لەم چوارچێوەیە ئەوەی بەرامبەر مامۆستا فەڕەنسیەکە کرا، وێڕای ئەوەی ئەنجامدانی تاوانە بەرامبەر فەرمانی خوای گەورە، لەسەر هەر موسڵمانێکی راستگۆش پێویستە لەبری ئەوەی بکەوێتە داوی دەست پیسەکان، کە ئاین بۆ مەرامی سیاسی بەکار دێنن، دەبێ بە روحێکی باوەڕدارانەی راستەقینە روبەڕووی ئەو گرووپە بنەوە، لە دەرەوەی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، کە کەلامی خوای گەورەن، رێگە بەسەربڕینی بوونەوەرێکی ئیلاهی دەدات، کە چەقۆی لەسەر نییە، نەک تەفسیری کەسانی گومڕای دەروون نەخۆشی دڵ پڕ لە قینە.

بەواتایەکی دی چۆن پێغەمبەران پیرۆزن، داکۆکی کردن لە یاسا و رێسا و بەها جیهانییەکان و شکۆی مرۆڤیش پیرۆزن، یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانی حاکمەکانی سەر زەوی. لەم روانگەیەوە ئەوەی ئەمانۆئیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بەنیازە بەرامبەر ئەو گرووپانە بگیرێتەبەر، کە لە پشت فەرمانی سەربڕینی مامۆستا فەرەنسیەکەن، وەک سەرۆکی وڵات یەکێکە لە ئەرکەکانی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی، واتە بەر تەسک کردنەوەی مەودای کارکردنی ئەو گرووپانە لە وڵاتەکەیدا هیچ پەیوەندی بە سوکایەتی کردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە نییە، وەک ئەوەی لەلایەن هەندێکەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ و لەلایەن هەندێ کەسی ئیسلامییەوە دووبارە دەکرێتەوە، دووبارە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکانیش لەسە تەلاری چەند دامەزراوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە تەنها پەیامێکە کە ئەوان بۆ خاتری هیچ دەستبەرداری ئازادییەکانی خۆیان نابن، کە پێی گەیستوون و بە یاسا رێکخراون.

Back to top button